دەربازکردنی پەترۆس

1لەو کاتەدا هێرۆدسی پاشا دەستی کرد بە چەوساندنەوەی چەند کەسێکی کڵێسا. 2هەروەها یاقوبی برای یۆحەنای بە شمشێر کوشت. 3کە بینی ئەمە جێی ڕەزامەندی جولەکەیە، پەترۆسیشی گرت، ئەمەش لە ڕۆژانی جەژنی فەتیرەدا بوو. 4کاتێک هێرۆدس پەترۆسی گرت، خستییە زیندانەوە، بۆ ئەوەی پاسەوانی لێ بکرێت دایە دەست چوار کۆمەڵی چوار سەربازی، دەیویست دوای جەژنی پەسخە بیهێنێتە بەردەم گەل.

5بۆیە کاتێک پەترۆس زیندانی کرابوو، کڵێسا بە گوڕ لە پێناوی ئەو نوێژیان بۆ خودا دەکرد.

6شەوی پێش ئەو ڕۆژەی کە هێرۆدس بەتەمابوو پەترۆس بهێنێتە دەرەوە و دادگایی بکات، پەترۆس لەنێوان دوو سەربازدا نوستبوو، بە دوو زنجیر بەسترابووەوە، لە بەردەرگاش پاسەوان هەبوو، کە پاسەوانی زیندانەکەیان دەکرد. 7لەپڕ فریشتەیەکی یەزدان دەرکەوت و ڕووناکییەک لەناو ژوورەکە درەوشایەوە، جا کەلەکەی پەترۆسی جوڵاند و خەبەری کردەوە و گوتی: «خێرا هەستە!» ئیتر زنجیرەکان لە دەستەکانی کەوتن.

8فریشتەکە پێی گوت: «پشتێنەکەت ببەستە و پێڵاوەکانت لە پێ بکە!» ئەویش کردی. ئینجا پێی گوت: «سەرکراسەکەت لەبەر بکە و دوام بکەوە.» 9پەترۆسیش دوای کەوت و لە بەندیخانە چووە دەرەوە، نەیدەزانی ئەوەی لە ڕێگەی فریشتەکەوە ڕوودەدات ڕاستە، بەڵکو وایدەزانی بینینێکی بۆ ئاشکرا کراوە. 10پاسەوانی یەکەم و دووەمیان بڕی و گەیشتنە دەروازە ئاسنینەکەی بەرەو شار، لە خۆیەوە بۆیان کرایەوە، تێپەڕین و شەقامێکیان بڕی، لەناکاو فریشتەکە بەجێی هێشت.

11ئینجا پەترۆس بەخۆیدا هاتەوە و گوتی: «ئێستا بەڕاستی زانیم کە یەزدان فریشتەکەی نارد و لە دەستی هێرۆدس و هەموو ئەوەی گەلی جولەکە چاوەڕێی بوو دەربازی کردم.»

12هەرکە بە تەواوی زانی چی ڕوویداوە، ڕۆیشت بۆ ماڵی مریەمی دایکی یۆحەنا کە پێی دەگوترا مەرقۆس، لەوێ خەڵکێکی زۆر کۆببوونەوە و نوێژیان دەکرد. 13کە پەترۆس لە دەرگای داڵانەکەی دا، کارەکەرێک کە ناوی ڕودا بوو، هات بۆ ئەوەی بزانێت کێیە. 14کاتێک دەنگی پەترۆسی ناسییەوە، بێ کردنەوەی دەرگاکە لە خۆشییاندا ڕایکردە ژوورەوە و خەبەری دا کە پەترۆس لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.

15پێیان گوت: «وڕێنە دەکەیت.» بەڵام ئەو لەسەر قسەکەی سووربوو، گوتیان: «ئەوە فریشتەکەیەتی!»

16بەڵام پەترۆس لە لێدانەکە بەردەوام بوو، کاتێک لێیان کردەوە و بینییان، سەرسام بوون. 17بە دەست ئیشارەتی بۆ کردن بێدەنگ بن، ئینجا بۆی گێڕانەوە چۆن یەزدان لە زیندان دەریهێنا، پێی گوتن: «ئەمە بە یاقوب و خوشک و برایان بڵێن.» ئینجا چووە دەرەوە و بۆ شوێنێکی دیکە ڕۆیشت.

18کە ڕۆژبووەوە ئاژاوەیەکی گەورە لەنێو سەربازەکاندا دروستبوو لەسەر ئەوەی ئاخۆ پەترۆس چی لێهات.