شڵەژانێکی ترسناک لە ئەفەسۆس
21لەدوای ئەوەی ئەم شتانە ڕوویاندا، پۆڵس بڕیاری دا بە مەکدۆنیا و ئەخایادا تێبپەڕێت و بچێتە ئۆرشەلیم، گوتی: «پاش ئەوەی لەوێ دەبم، دەبێت ڕۆماش ببینم.» 22جا پۆڵس دووان لە یاریدەدەرەکانی نارد بۆ مەکدۆنیا کە تیمۆساوس و ئەراستۆس بوون، خۆشی ماوەیەک لە هەرێمی ئاسیا مایەوە.
23لەو کاتەدا لەبەر ڕێگاکە ئاژاوەیەکی گەورە سەریهەڵدا. 24لەوێ زیوگەرێک بە ناوی دیمیتریۆس هەبوو کە پەرستگای بچووکی زیوینی ئەرتەمیسی دروستدەکرد و قازانجێکی باشی هەبوو بۆ پیشەوەران. 25ئیتر کرێکارەکانی خۆی و هاوپیشەکانی کۆکردەوە و گوتی: «کوڕینە، هەروەک دەزانن لەم پیشەیەوە داهاتێکی باشمان دەستدەکەوێت، 26بینیوتانە و بیستووتانە کە نەک تەنها لە ئەفەسۆس، بگرە لە هەموو ئاسیا، ئەم پۆڵسە قەناعەتی بە خەڵکێکی زۆر هێناوە و لەڕێ لایداون، دەڵێت ئەوانەی دەستکردن خودا نین. 27نەک تەنها ئیشەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵکو پەرستگاکەی ئەرتەمیسی خواژنی گەورەش هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئەوەی هەموو ئاسیا و جیهان دەیپەرستن پایەبەرزییەکەی لەدەست دەدات.»
28کاتێک گوێیان لێبوو تووڕە بوون و هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!» 29ئەم شڵەژانە هەموو شارەکەی گرتەوە، خەڵکەکە گایۆس و ئەریستارخۆسی مەکدۆنییان ڕاکێشایە ناو گۆڕەپانی شانۆی شار، کە هاوڕێی پۆڵس بوون لە گەشتەکەیدا. 30پۆڵس ویستی بچێتە ناو خەڵکەکە، بەڵام قوتابییەکان نەیانهێشت. 31هەروەها هەندێک گەورە پیاوی ئاسیا کە دۆستی بوون، پەیامیان بۆ نارد و لێی پاڕانەوە کە نەچێتە شانۆکە.
32ئیتر هەندێک هاواری شتێکیان دەکرد و هەندێک شتێکی دیکە، چونکە کۆڕەکە شێوا بوو، زۆربەشیان نەیاندەزانی بۆچی کۆبوونەتەوە. 33ئینجا جولەکەکان بۆ پێشەوە پاڵیان بە ئەسکەندەرەوە دەنا، هەندێک لەو خەڵکە هۆکاری ئەو ئاژاوەیان بۆ ئەو دەگەڕاندەوە. ئەویش دەستی بەرزکردەوە و دەیویست لەبەردەم خەڵکەکە بەرگری لە خۆی بکات. 34بەڵام کە زانییان جولەکەیە، نزیکەی دوو کاتژمێر هەموویان بەیەکەوە هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!»
35ئینجا فەرمانڕەوای شارەکە خەڵکەکەی هێمن کردەوە و گوتی: «پیاوانی ئەفەسۆس، کێ هەیە نەزانێت کە شاری ئەفەسۆسییەکان پاسەوانی پەرستگای ئەرتەمیسی گەورە و ئەو پەیکەرەیە کە لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە؟ 36بۆیە کە ئەمانە نکۆڵییان لێ ناکرێت، پێویستە هێمن بنەوە و هیچ شتێک بە سەرەڕۆیی نەکەن. 37ئێوە ئەم دوو پیاوەتان هێناوە، کە نە پەرستگایان بڕیوە نە کفریان سەبارەت بە خواژنەکەمان کردووە. 38بەڵام ئەگەر دیمیتریۆس و ئەو پیشەوەرانەی کە لەگەڵ ئەون سکاڵایان لە کەسێک هەیە، ئەوا دادگاکان کراونەتەوە و دادوەر هەیە، با سکاڵا لە یەکتری بکەن. 39ئەگەر داوای شتێکی دیکەش دەکەن، ئەوا لە کۆڕی یاساییدا سەیر دەکرێت. 40لە ڕاستیدا لە مەترسیداین بەوەی کە تاوانبار بکرێن بە ئاژاوەنانەوە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ، هیچ پاساوێکمان نییە بۆ پاکانەی ئەم کۆبوونەوەیە.» 41کە ئەم شتانەی گوت، کۆمەڵەکەی بڵاوە پێکرد.


