دەسەڵاتی عیسا

23کاتێک عیسا چووە حەوشەکانی پەرستگا و خەڵکەکەی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و پیرانی گەل هاتنە لای و گوتیان: «ئەمانە بە چ دەسەڵاتێک دەکەیت؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە تۆ داوە؟»

24عیسا وەڵامی دانەوە: «منیش پرسیارێکتان لێ دەکەم، ئەگەر وەڵامتان دامەوە، ئەوا پێتان دەڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم. 25لەئاوهەڵکێشانی یەحیا، لەکوێوە بوو؟ لە ئاسمانەوە بوو یان لە مرۆڤەوە؟»

لەنێو خۆیاندا کەوتنە ڕاوێژکردن و گوتیان: «ئەگەر بڵێین، ”لە ئاسمانەوە بوو،“ دەڵێت، ”باشە بۆچی باوەڕتان پێی نەکرد؟“ 26ئەگەریش بڵێین، ”لە مرۆڤەوە بوو،“ لە خەڵکەکە دەترسین، چونکە هەموو یەحیا بە پێغەمبەر دادەنێن.»

27ئینجا وەڵامی عیسایان دایەوە: «نازانین.»

ئەویش پێی فەرموون: «منیش پێتان ناڵێم بە چ دەسەڵاتێک ئەمانە دەکەم.»