بڕیاری لەخاچدانی عیسا
15لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا کردبوویە نەریت بەگوێرەی خواستی خەڵکەکە بەندکراوێک ئازاد بکات. 16لەو کاتەدا گیراوێکی بەناوبانگیان هەبوو کە ناوی باراباس بوو. 17لەبەر ئەوە کاتێک کۆببوونەوە، پیلاتۆس لێی پرسین: «دەتانەوێت کێتان بۆ ئازاد بکەم، باراباس یان عیسا، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟» 18چونکە زانی لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو.
19کاتێک پیلاتۆس لەسەر کورسی دادوەری دانیشتبوو، ژنەکەی هەواڵی بۆ نارد: «هیچ لەو بێتاوانە مەکە، چونکە ئەمڕۆ لە خەوندا لەبەر ئەو زۆر ئازارم چێژت.»
20بەڵام کاهینانی باڵا و پیران خەڵکەکەیان جۆشدا کە داوا بکەن باراباس ئازاد بکرێ و عیسا لەناو ببردرێت.
21فەرمانڕەوا وەڵامی دانەوە: «لەم دووانە کامەتان دەوێ بۆتان ئازاد بکەم؟»
گوتیان: «باراباس.»
22پیلاتۆس لێی پرسین: «ئەی چی لە عیسا بکەم، ئەوەی پێی دەگوترێ مەسیح؟»
هەموو گوتیان: «با لە خاچ بدرێت!»
23ئەویش گوتی: «بۆ؟ چ خراپەیەکی کردووە؟»
بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان دەکرد: «با لە خاچ بدرێت!»
24پیلاتۆس بینی سوودی نییە و خەریکە ئاژاوە ڕوودەدات، ئاوی هێنا و لەبەردەم خەڵکەکە دەستی شوشت و گوتی: «لە خوێنی ئەمە بێتاوانم! لە ئەستۆی ئێوەیە!»
25گەل هەموو وەڵامیان دایەوە: «با خوێنی لە ئەستۆی ئێمە و منداڵمان بێت!»
26ئەوسا باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.


